شارەوانی پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییەکان ئاگادار دەکاتەوە
لە هەولێر بە رێنماییەک ئاڵای سەر فەرمانگە و دەزگا فەرمییەکان نوێدەکرێتەوە
فەرهاد حەسەن
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەمڕۆیدا چەندین بڕیاری لەبارەی رێکخستنەوەی شار دەرکرد، یەکێک لەوانە نووسینی سەر دیوارەکانی بەشیوەی نایاسایی لەلایەن ناوەندەکانی خوێندنی ئەهلی قەدەغەکرد و لە رێگەی رێنمایێکیشەوە تەواوی فەرمانگە و دەزگا فەرمییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئاڵای کوردستان ئەگەر کۆن بووە و رەنگیان رۆیشتووە، نوێیبکەنەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە13.6.2026 بەڕێوەچوو، کە بەڕێوەبەری هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و بەرپرسانی خزمەتگوزاریی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەی بوون.
ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە کۆبوونەوەکە دەرکران بریتی بوون لە:
– بەردەوامی گرتنەبەری رێکارەکانی هەڵمەتی لادانی زێدەڕۆیی و رێکخستنەوەی شۆستە و شەقامەکان.
– رێگری کردن لە دروستکردنی کەپر و باخچەی نایاسایی لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا.
– رێکخستنەوەی دەروازەکانی هاتنە ناوەوەی شاری هەولێر.
– گرنگیدان بە پاکوخاوێنی سەنتەری شار و کۆڵانەکان و بەردەوامی هەڵمەتی لەناوبردنی گژوگیای وشک بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوە و هەروەها داڕشتنی پلانی نوێ بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی بە تایبەت لە ناو گەڕەکاندا.
– سڕینەوەی نووسینی سەر دیوارەکان و گرتنە بەری رێکاری یاسایی بۆ ئەو دەزگاو پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییانەی بە شێوازی نایاسایی ریکلام و تابلۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان هەڵدەواسن.
– بەدواداچوون بۆ ئەو شۆفێر و بارهەڵگرانەی کە خاشاکی بیناسازی و زبڵ لە شوێنە گشتی و قەدەغەکراوەکاندا فڕێدەدەن.
– بەدواداچوون بۆ باڵاخانە تەواونەکراوەکان و پێدانی مۆڵەتی بینا بەپێی رێنمایی کە رووپۆش و رێکپۆش بێت و نابێت بەرزی و نزمی لەسەر شۆستەدا بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، رێنمایی درا بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم دامودەزگاو شوێنە فەرمیەکان بۆ گۆڕینی ئاڵای کۆنی کوردستان بە ئاڵای نوێ لە کاتی کۆنبوون یان کاڵبوونەوەی رەنگەکەیاندا.