ترەمپ مۆمی 80 ساڵە دەکوژێنێتەوە و بەڕازیل و مەغریبیش بە یەکسانبوون رازی بوون – وێنە؛ گرافیکی 964
لە 24 کاتژمێری رابردوو چی روویدا؟
لەدایکبوونی ترەمپ و یارییەکانی مۆندیال
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی ترەمپە و یارییە ئاگرینەکەی نێوان بەڕازیل و مەغریبیش بە یەکسانبوون کۆتایی هات، کورت و پوخت پێتان دەڵێین لە 24 کاتژمێری رابردوودا چی روویداوە؛
ئەمڕۆ 14ـی حوزەیران، رۆژی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و سەرۆکە پێشبینی نەکراوەکە مۆمی 80 ساڵەی خۆی دەکوژێنێتەوە.
شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند یارییەکەی دیکەی گەڕی یەکەمی مۆندیالی 2026 بەڕێوەچوو کە گرنگرترینیان یاری نێوان بەڕازیل و مەغریب بوو و یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری MH-60 Sea Hawk بڵاوکردووەتەوە کە بەرەو کەنداو دەڕوات و دەڵێت، بە مەبەستی توندوتۆڵ هێشتنەوەی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێرانە و هەر دوێنێش رێڕەوی 141 کەشتی بازرگانیان گۆڕیووە و نۆ کەشتیان لە کار خستووە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ ناکرێت.
بەقایی بە بۆنەی ساڵیادی شەڕی 12 رۆژە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل کە بە هاوکاری ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکرد، بە ئیرادەی پۆڵاین و بەرگری گەلەکەمان رووبەڕووی شکست بووە و بووە نموونەی هێز و خۆڕاگری کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت.
شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان سوپاسی دەستڕۆیشتووەکانی ئێران و ئەمریکای کرد لەپای پابەندبوون بە دانوستان، هەروەک پشتگیری خۆی بۆ وڵاتانی نێوەندگیر دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەبێتە بناغەیەکی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
میدیای ئێران ئاشکرایکرد، قەرارە رۆژی پێنجشەممە 9.7.2026 تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی وڵاتەکە دوای چوار مانگ لە کوژرانی، ببرێتە شاری مەشهەد و لە مەزارگەی ئیمام رەزا بەخاک بسپێردرێت.
کاتژمێر 7:30 ئەمڕۆ پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە تێیدا زیاتر لە 117 هەزار قوتابی بەشدارن.
هەموو ساڵێک بە هاتنی وەرزی گەرما و هاوین چیرۆکى خنکان دووبارە دەبێتەوە و خەریکە ئەم وەرزە دەبێتە وەرزی خنکان، تەنیا لە 5 رۆژی رابردوودا، چوار کەس لە چەم و رووبار و بەنداوەکانی کوردستان خنکاون.
هەر ئێوارەی دوێنێ گەشتیارێکى بە نەتەوە عەرەبە لە ئاوى زێى بچوک لە سەریرانگاى بۆگد و پێشمەرگەیەکیش لە بەنداوی گۆمەسپان لەکاتی مەلەکردن خنکان و تا ئێستا تەرمی هیچکامێکیان نەدۆزراوەتەوە.
شارەوانی هەولێر لە رێنماییەکەدا هەموو دامودەزگا و شوێنە فەرمییەکانی ئاگادارکردەوە بە گۆڕینی ئاڵای کۆنی کوردستان بە ئاڵای نوێ لە کاتی کۆنبوون یان کاڵبوونەوەی رەنگەکەیاندا.