گوایە 16 بارهەڵگر چەک بووە
وەزارەتی بەرگری عێراق: رەتیدەکەینەوە لە بەندەرەکانەوە چەک بۆ هەرێمی کوردستان بڕوات
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی بەرگری عێراق رەتیدەکاتەوە لە هیچ بەندەرێکی سنووری عێراقەوە چەک بۆ هەرێمی کوردستان بڕوات.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەنراوێکدا جگە لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکە دەڵێت، “ئەوەی لە بەندەری ئوم قەسر دۆزراوەتەوە تۆپێک بووە لەلایەن وەزارەتی بەرگریەوە هێنراوە و ئێمە پێی ئاگادارین”.
وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی بەپێی رێکارەکان ئەو بارهەڵگرە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە توانراوە تۆپەکە وەربگیرێت.
دوێنێ لە تویتێکدا عالیە نوسێف ئەندامی پەرلەمانی عێراق وتبووی، لە دەروازەی ئوم قەسر 16 کۆنتێنەری چەکی ئەمریکی بە قاچاخ رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
عالیە نوسێف ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
هەر دوێنێ دەستەی دەروازە سنووریەکان لە بەیاننامەیەکدا رەتیکردەوە هیچ کۆنتێنەرێک چەکی تێدابووبێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان کرابێت.