عێراق ئاستی کەمکردنەوەی نەوتی راگەیاند
سەرەڕای کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان نرخی نەوت دابەزی
964+
فەهمی نەبی
ئەگەرچی دوێنێ پێنجشەممە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بۆ چارەگی یەکەمی ساڵی 2024 راگەیاند، بەڵام ئەم بەرەبەیانە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان چەند سەنتێک دابەزی.
ئەمڕۆ هەینی تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 80 دۆلار و 67 سەنت بووە، لەکاتێکدا دوێنێ نرخی هەر بەرمیلێک بە 80 دۆلار و 86 سەنت بووە، بەمەش %0.23ی بەهاکەی لەدەستداوە.
نەوتی سوکی تەکساس نرخی هەر بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 89 سەنتە و نرخی زێڕ سەرکەوتووە و هەەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2 هەزار و 40 دۆلاری ئەمریکیە.
دوێنی پێجشەممە رێکخراوی ئۆپیک مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024ی دیاریکرد وەک وادەی کۆبوونەوە، هاوکات روسیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانیان راگەیاند بەمجۆرە بوو:
سعودیە تا چارەگی یەکەمی 2024 بڕیاریدا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمبکاتەوە.
روسیا 500 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە تا چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوو.
عێراق رایگەیاند تا چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوو 220 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە.
رۆژانە ئەو نەوتەی لە ئاستی جیهان بەرهەمدەهێنرێت و لەلایەن رێکخراوی ئۆپیک چاودێری دەکرێت دەگاتە 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.