گەنجێک کتێبخانە بۆ گوندەکەی دەکاتەوە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
له گوندێكی ده‌ڤه‌رى گۆرانه‌تى، گه‌نجێك له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى، زیاتر له 600 كتێبى له‌ناو كتێبخانه‌یه‌كی مامناوه‌ند كۆكردووەته‌وه به خه‌ڵكی گونده‌كه و ده‌روبه‌ریشی ووتووه، وه‌رن كتێب بخوێننه‌وه.
دڵدار ئەحمەد سەلیم، ئه‌و گه‌نجه‌ى خه‌ڵكى گوندى داڵه‌ڕێی سه‌ر به ناحیه‌ى دارەتووه، به +964ى وت، “بڕیارمدا کتێبخانەیەک بە کتێبەکانی خۆم و لەسەر ئەرکی خۆم دروست بکەم و چه‌ند رۆژێكیشه كردوومه‌ته‌وه”.
دڵدار، پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌كانى حه‌فتایه، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه خولیای خوێندنه‌وه‌ى كتێبه، ده‌ڵێت، “كتێبخانەكە رۆژانە كراوەیە بۆ ئەوەی خوێنەران سەردانی بكەن و هەركات خۆم لەوێ نەبم، كەسێکم راسپاردووە چاودێری بكەن و هاوكاری خوێنەران بكەن”.
ئامانج لە دروستكردنی ئه‌و كتێبخانەیه ئاشناكردنى خەڵكی ئه‌و گوندە و ده‌وروبه‌ریه‌تى بە خوێندنەوە كتێب و دابینكردنى سه‌رچاوه‌ى جیا جیا، چونكە دڵدار ده‌ڵێت، “لەو سنوورە خوێنەر كەمە و خەڵكی بەتەواوی ئاشنای خوێندنەوە نەبوون”.
داڵه‌ڕێ، یه‌كێكه له‌و 29 گونده‌ى كه ناحیه‌ى داره‌توویان پێكهێناوه و كه‌وتووەته نزیك زێی گه‌وره، له 90 ماڵ پێكهاتووه و هه‌ر له كۆنه‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ى به ئاژه‌ڵدارى و كشتوكاڵه‌وه خه‌ریكن.
خه‌ڵكی ئه‌و گونده له هەژماری فه‌یسبووكه‌کانیان خۆشحاڵییان به كردنه‌وه‌ى ئه‌و كتێبخانه‌یه ده‌بڕیوه و پێیانوایه، “سیمایەکی جوانی بەخشیوە بە گوندەکەیان”.