رەنگە هێرشی کرابێتە سەر

کەشتییەکی کۆریای باشوور لە گەرووی هورمز تەقیەوە

ژووری هەواڵ

گەرووی هورمز کە ماوەیەکە بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا بووەتە جێگەیەکی پڕ مەترسی بۆ کەشتییەکان، ئەمڕۆ کەشتییەکی کۆری لەو گەرووەدا گڕی گرت و تەقییەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن و گومان دەکەن کە هێرش کرابێتە سەر کەشتییەکەیان.
بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی لە نێوان کەشتیوانە کۆرییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی کۆریا هێراڵد (Korea Herald)، کەشتییە بارهەڵگرەکە ناوی (HMM Namu)ـە 24 کەسی لەسەر بووە و لەوانە شەشیان هاوڵاتی کۆری بوون.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەشکرد، “کەشتیەکە لە دەرەوەی سنووری بەندەری ئوم ئەلقوەین لە ئیمارات لەنگەری گرتبوو و پێدەچێت بەهۆی کاریگەرییەکی دەرەکییەوە رووداوەکە روویدابێت”.
هەر ئەمڕۆش سوپای ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ رێگەیان لە چەند کەشتییەکی سەربە ئەمریکا و ئیسرائیل گرتووە بچنە ناو گەرووی هورمز و میدیای وڵاتەکەش وتی، دوو مووشەک ئاڕاستەی کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا کراون و لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رەتیکردەوە هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا لەلایەن دوو موشەکی ئێرانیەوە کرابێتە ئامانج و دەڵێت، ئەوەی میدیای ئێران بڵاویدەکاتەوە پڕوپاگەندەیە و راست نییە.