هێلکەی تورکی لە زاخۆ. وێنە :964
هەرزان دەبێت؟
بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ؛ سودانی بڕیاری لادانی قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکەی دا
وریا فەتاح
ماوەیەکە قەیرانى هێلکە لە هەرێمى کوردستان و عێراق سەرى هەڵداوە و ژەمى بەیانیان مەترسى کەوتۆتەسەر و نرخى هەردانەیەک بۆ 250 دینار بەرز بووەتەوە، هەربۆیە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە لادانی قەدەغەی سەر هاوردەکردنی هێلکە.
بەپێى راگەیەندراوى نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بڕیارەکە بە مەبەستی پاراستنی نرخی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان دراوە. هەروەها ئەنجومەنەکە لیژنەیەکى تایبەتی راسپاردووە کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا راسپاردەکانیان سەبارەت بەم پرسە پێشکەش بکەن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ هەبوونی هەر تەنگژەیەکی لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا رەتکردەوە و رایگەیاندبوو بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێویستی بازاڕ دەکات.
پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (1ـی ئایاری 2026)، سودانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری راسپاردبوو بە پەلە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی گرانبوونی هێلکە بکەن و چارەسەری پێویست بدۆزنەوە، کە دواجار ئەمڕۆ بڕیاری کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن درا.
لەچەند رۆژى رابردوودا، نرخى هێلکە لە بازاڕەکانى هەرێمیش بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینى، بەشێوەیەک نرخى هەر هێلکەیەک بۆ 250 دینار بەرز بووەوە کە پێشتر 6 هێلکە بە 1000 دینار بوو.