سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق

“داوا دەکرێت حکومەتی نوێ زوو پێکبهێنرێت”

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە و هەردوولا بە پێویستیان زانیوە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پەلەی لێبکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەروەها ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم زانیاریی ناو کۆبوونەوەکەیان باس کردووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، هەردوولا دووپاتیانکردەوە، پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بکرێت.

هەروەها بەپێی راگەیاندراوی نووسینگەکە بارزانی دەستخۆشی لە سودانی کردووە، بۆ هەوڵەکانی لەسەر ئیدارەدانی لێکتێگەیشتنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکانی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم.

هاوکات بەپێی راگەیاندراوی ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە بەغدایە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.