تەندروستیی عێراق

هەزار و 113 کەس گواسترانەوە نەخۆشخانە

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، هەزار و 113  هاوڵاتی بەهۆی تەنگەنەفەسی گواستراونەتەوە نەخۆشخانە و گیانلەدەستدان رووینەداوە.

دەشڵێن، ئەمە بەهۆی ئەو خۆڵبارینە بووە کە بەشێک لە شارەکانی عێراقی گرتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، “حاڵەتەکانی تەنگەنەفەسی لە سووکەوە تا مامناوەند بووە، زۆربەی حاڵەتەکانیش نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیان جێهێشتووە”.

هەر بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، زۆرترین حاڵەتی تەنگەنەفەسبوونەکان لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە بە 576 حاڵەت، دواتر نەجەف بە 300 حاڵەت و بەغدا بە 200 حاڵەت، هەموو حاڵەتەکانیش خزمەتگوزاری پزیشکی گشتگیریان وەرگرتووە، لەوانە فریاگوزاری و چاودێریی تەندروستی.

دوێنێ شەپۆڵێکی خۆڵبارین بەشێکی شارەکانی عێراقی گرتووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سووک بوو، زوو تێپەڕی.