"ماتۆڕەکان نادرێنەوە تێکدەشکێندرێن"
دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکانی قەزای خورماتوو دەستیپێکرد
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە خورماتوو، هەڵمەتێکی توند و فراوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلی شارەکە دەستپێکردووە و بڕیاریان وایە تاوەکو ماتۆڕسواری بێزارکار مابن دەستیان بەسەردا دەگرن.
هەڵمەتەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەناو بازاڕ و گەڕەکەکانی قەزاکە دەستپێکردووە و دەڵێن، ئەوەی دەیکەن لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی و بنبڕکردنی دیاردە بێزارکەرەکان.
عەقید مەحەمەد حەمید، بەڕێوەبەری هاتووچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، ئەم هەڵمەتە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاری بەردەوامی هاووڵاتیان و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ژاوەژاو و بێزارکردنی خەڵکە، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی سیمای شار و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە لەو مەترسییانەی بەهۆی “لێخوڕینی بێسەروبەر”ەوە دروست دەبن.
وتیشی، لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتەکەدا، توانرا دەست بەسەر دەیان ماتۆڕسکیلی سەرپێچیکاردا بگیرێت، هەر ماتۆڕسکیلێک لەم هەڵمەتەدا دەستی بەسەردا بگیرێت، ڕاستەوخۆ خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە”.
هاوڵاتیان و خاوەن ماتۆڕەکان ئاگادار دەکاتەوە کە بڕیاری کۆتایی دراوە و ئەم ماتۆڕانە بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوەنەکانیان ناگەڕێندرێنەوە و تێکدەشکێندرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد. ئەم ڕێکارە ئەمنیانە کاتی نابن، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی شارەکە بەتەواوی لە دیاردەی ماتۆڕسکیلی بێزارکەر پاک دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن