لە ئێران

ئاسەواری شەڕ دەکوژێننەوە؛ 37 هەزار شوێن نۆژەنکراونەتەوە

ئەحمەد مستەفا

کاری نۆژەنکردنەوە بۆ 37 هەزار ماڵی زیانلێکەوتوو لە هێرشەکانی سەر ئێران کراوە، دامەزراوەی نیشتەجێکردنی وڵاتەکە دەڵێ، نۆژەنکردنەوەکان شوێنی نیشتەجێ بوون و بازرگانیشی گرتووەتەوە.

ئەو شوێنانە، لە ئەنجامی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیانیان بەرکەوتووە و ئێستا ئێران دەیەوێ ئاسەواری جەنگیان بەسەرەوە نەهێڵێت.

دامەزراوەی نیشتەجێکردنی ئێران لە راگەیەندراوێکدا پلانی خۆی ئاشکراکردووە و دەڵێ، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2027 تەواوی پڕۆژەکانی بونیادنانەوە تەواو بکرێن.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی باسی لەوەکردووە، تەنیا لە یەک مانگدا لە 28.2.2026 تاوەکو 30.3.2026، زیاتر لە دوو هەزار و 100 هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار و 900 کەسیش بریندارن.

سێ ملیۆن و 800 هەزار کەس بەهۆی ئەو جەنگەوە راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە، هەروەک مانگی سوری ئێرانی رایگەیاندووە، تا ئێستا 115 ژێرخانی مەدەنی و 763 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمریکا دەڵێ، لە ماوەی پێنج هەفتەدا تێچووی شەڕەکە گەیشتووەتە نێوان 22.3 بۆ 31 ملیار دۆلار، هەروەها لەو ماوەیەدا 13 هاوڵاتی و سەربازی ئەمریکایی لە هێرشەکاندا کوژراون و زیاتر لە 300ی دیکەش بریندار بوون.