60% پێداویستى ناو دهۆك له‌ده‌ره‌وه دێت
له دهۆك نرخی ئاژەڵ دوو هێندە زیادی کردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
نرخی ئاژەڵ لە پارێزگای دهۆک دوو هێندە زیادی کردووە.
جگه لە ناوه‌ندى پارێزگای دهۆک كه دوو شوێن هه‌ن، پێنج شوێن و بازاڕێكی گەورەش بۆ فرۆشتنی ئاژەڵ لە قەزاكانی بەردەڕەش، ئاکرێ و سێمێل و لە گوندەکانیش كڕین و فرۆشتن به ئاژه‌ڵ ده‌كرێت.
حاجی قاسم، ئاژەڵدارێكە بە 964ـى وت، ئەمساڵ نرخی مەڕ زۆر گران بووە، پێشتر لە نێوان 150 هەزار بۆ 200 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 350 بۆ 500 هەزار دینار.
قادر نهێلی، لە سنووری قەزای ئامێدی زیاتر لە 20 ساڵە كارى ئاژه‌ڵدارى ده‌كات، بە 964ـى وت “نزیکەی دوو ساڵە نرخەکان بەرزدەبنەوە، مانگایەک پێشتر بە یەک ملیۆن دینار بووه، بەڵام ئێستا دوو ملیۆن دیناری نرخەکەیەتی”.
رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک بە 964ـى وت، ئەمساڵ نرخی ئاژەڵ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زستان نزیک دەبێتەوە.
وتیشی “بەخێوکردنی ئاژەڵ ئەستەم بووه، چونكه نرخی عەلەفیش بەرزبووەتەوە”.
به قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره، دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی گرانی نرخی خۆراک، زۆربەی ئاژەڵداران نیوەی مەڕ و بزنەکانیان دەفرۆشت، تا بتوانن نیوەکەی تر بەخێوبکەن و عەلەفى پێبکڕن.
به پێی زانیارى و داتاكانى سامانى ئاژه‌ڵى دهۆك، پارێزگاكه‌یان به‌پێی ئه‌و رێژه ئاژه‌ڵه‌ى هه‌یه‌تى توانای دابینکردنی 40%ـى گوشتی بۆ ناوخۆى شارەکەى هەیە و ئەوەی دیکەش لە دەرەوەی پارێزگای دهۆکەوە ده‌هێندرێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن