داوکاری خەڵک بووە

لە شارەزوور شەقامێکی گشتی لە خۆڵەوە دەکرێتە قیر


بڕوا مەجید – شارەزوور

شەقامەکە دەکەوێتە تەنیشت مزگەوتی شێخ مەعروفی نێرگسەرجاڕ لە قەزای شارەزوور، درێژی رێگاکە 150 مەتر و پانی هەشت مەترە، بە سەرپەرشتی شارەوانی شارەزوور پڕۆژەی ئاوەڕۆ و دواتر قیرتاوکردنی تێدا ئەنجام دەدرێت.

سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بۆ 964 وتی، “رێگاکە پێشتر خۆڵبووە و لە وەرزی هاوین تۆز و خۆڵ، لە زستانیش قوڕ و چاڵوچۆڵی زۆری تێدا دروست دەبوو کە ئاستەنگی بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتەکە و ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکرد کە بەوڕێگایەدا دەڕۆشتن”.

بەوتەی سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بێت، لەسەر داوای هاوڵاتیان و لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی، بەبڕی 63 ملیۆن دینار پڕۆژەی ئاوەڕۆ، قیرتاوکردنیان بۆ رێگاکە دەستپێکردووە.

دەربارەی ئەوەی پڕۆژەکە بە چەند قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، سالار ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ” لەقۆناغی یەکەمدا  راکێشانی بۆری ئاو بۆ پڕۆژەکە دەستپێدەکەین، دواتر قیرتاوکردن و شۆستەکردن بۆ پڕۆژەکە ئەنجام دەدەین”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا