دوو مانگ بەردەوام دەبێت
لە رۆمانیا پێشانگای (روخسارەکانی دوای کارەسات) حەمەهاشم کرایەوە
فەرهاد هەسەن
لە چالاکییەکی ھونەریی گرنگدا، ئەمڕۆ پێشانگایەکی تاکەکەسیی هونەرمەند و لێکۆڵەری هونەری “حەمە ھاشم” بە ناونیشانی (روخسارەکانی دوای کارەسات) لە گەلەری “ریپێراج” لە شاری ئۆرادیای ولاتی رۆمانیا کرایەوە.
ئەم پێشانگایە کە بەرهەمی چەند ساڵێکی لە کارکردنی بەردەوامە، کۆمەڵێک تابلۆ و کاری هونەری لەخۆ دەگرێت، حەمە ھاشم لەم زنجیرە کارە نوێیەیدا، بە تەرکیزکردنە سەر قوتابخانەی ئۆبستراک ئیکسپرێشنیزم، هەوڵیداوە گوزارشت لە قوڵایی مرۆیی و کاردانەوەی روخسارەکان بەرامبەر بە رووداوە دەرەکییەکان و کاریگەرییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بکات.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کارەکان، حەمەهاشم بە 964 ی وت، ئەم پێشانگایە درێژکراوەی ئەو دیدگا فەلسەفی و هونەرییانەیە کە لە کتێبەکانمدا بە وردی لەسەری دواوم، بەتایبەت لە رووی پەیوەندی نێوان “ئێستێتیک” و واقیعی دۆخە نەخوازراوەکان.
وتیشی “پێشانگاکە بۆ ماوەی دوو مانگ لە گەلەری ریپێراج بە کراوەیی دەمێنێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە هونەردۆستان و رەخنەگرانی بواری هونەری لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆمانیا بکات”.
حەمە ھاشم، وەک هونەرمەند و لێکۆڵەرێکی خاوەن ئەزموون، پێشتر چەندین بەرهەمی نووسینی هونەری لەسەر هونەرمەندانی جیهانی وەک ڤان گۆگ و میکێل ئەنجێلۆ بڵاوکردووەتەوە و ئەم پێشانگایە وەک ئەڵقەیەکی دیکەی کاروانی هونەری ئەو دادەنرێت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.