پەیکەرى بۆ دروستکرا
قەڵادزێ رەفیق سابیر لەیاد ناکات
فەرمان مەلاحەسەن- راپەڕین
پەیکەرێک بۆ شاعیری گەورەی کۆچکردوو د. رەفیق سابیر دروستکراوە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا و لە زێدی خۆی لە قەڵادزێ جێگیر بکرێت.
عەلی دینکە، لێپرسراوی ماڵی کەلەپوور و رۆشنبیریی قەڵادزێ بە 964ـی راگەیاند، کارەکانی دروستکردنی پەیکەرەکەی د. رەفیق سابیر تەواو بووە، پڕۆژەکە لەسەر پێشنیار و ئەرکی د. تەها رەسوڵ بووە و لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکەوە پاڵپشتی دەکرێت.
وتیشی، “بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵ (2026)، پەیکەرەکەی د. رەفیق سابیر لەگەڵ کۆمەڵێک پەیکەری دیکەدا، لەناو یەکێک لە باخەکانی قەڵادزێ دابنرێن”.
دانانی ئەم پەیکەرە لە زێدی خۆی، چەند مانگێک دوای کۆچی دوایی ئەو شاعیرە دێت کە خۆیشی هەمیشە دڵی لای قەڵادزێ بوو. رەفیق سابیر رۆژی 28ـی شوباتی ئەمساڵ (2026)، لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، دوای ئەوەی جەستەی بەرگەی نەشتەرگەرییەکی نەگرت، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
رەهێڵ قادر، خوشکەزای رەفیق سابیر پێشتر بە 964ـی وتبوو، خاڵۆی پێش مەرگی سێ وەسێتی گرنگی کردووە؛ یەکەمیان ئەوە بووە تەرمەکەی ببرێتەوە زێدی خۆی لە قەڵادزێ، دووەمیشیان پێشکەشکردنی سەرجەم کتێب و کتێبخانە تایبەتییەکەیەتی بە کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ، سێیەم وەسێتیشی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک “نامەی ئەدەبی”ـی خۆیەتی دوای مەرگی.
رەفیق سابیر (لەدایکبووی 1950 – قەڵادزێ)، یەکێک بوو لە دیارترین شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد، دەقی “لاوکی هەڵەبجە”ـی ئەو وایکردووە ناوی رەفیق سابیر و 16ـی 3 ساڵانە بەیەکەوە گرێ بدرێن و ببێتە سروودی ئەو یادە خەمناکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح