پاش نیوه‌ڕۆ وترا "كۆنتڕۆڵ كرا"

ئاگره‌كه‌ی گوندی مناره‌ كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی هاوار بۆ خوا و حكومه‌ت ده‌بات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌و ئاگره‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ لە چەند کۆگایەکی ئالیکی کشتوکاڵی لە گوندی منارەی هەولێر كه‌وته‌وه‌، به‌م ئێواره‌یه‌ دووباره‌ سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ و هێشتا كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌.
ئاگره‌كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ و به‌و تیمه‌ بچووكه‌ی به‌رگریی شارستانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، كه‌ له‌وێ ماون.

برای خاوه‌نی كۆگاكه‌، له‌ رێگه‌ی 964 داوای به‌هاناوه‌چوون له‌ “خوا و حكومه‌ت” ده‌كات و ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر به‌ هانامانه‌وه‌ نه‌یه‌ن، بیناكانی كۆگاكان ده‌ڕووخێن.
به‌ قسه‌ی ئه‌و كه‌سه‌، زیانی زیاتر له‌ دوو ملیۆن دۆلایان به‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ کاروان عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، ئاگرەکە بەر لە کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان کەوتووەته‌وه‌ و سەرباری ئەوەی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێشتا دوو تیمیان لەو جێگەیە جێهێشتووە، چونکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەیە.

به‌ڵام برای خاوه‌ن كۆگاكان، بۆ 964 ده‌ڵێت، ته‌نیا یه‌ك تیم له‌وێن.

بەرگری شارستانی ترسی له‌وه‌ هه‌بووه‌ ئاگره‌كه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و پێشتر به‌ 964ی راگه‌یاند، “تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانیان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە وهێشتا مەترسی سەرهەڵدانەوەشی هەیە”.

به‌ قسه‌ی وته‌بێژی به‌رگریی شارستانی، شەش تیمی بنکەی بەرگریی شارستانی بەشدار بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و 25 تانکەر ئاویان بەکارهێناوە، به‌ڵام جگە لە سووتانی ئالیکەکان ئامێرێکی زۆر لە کۆگاکادا بووە تراکتۆرێکی کشتوکاڵێش سووتاوە، ئەوانی دیکەیان رزگار کردووە.

رووبەری هەر یەکێک لەو کۆگایەنە زیاترە لە 2000 مەترە.

داڕشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا