کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکە
پارەکەشی تەرخانکراوە
گوندی سورەقەڵات دەبێت بە خاوەنی نەخۆشخانە
ئەحمەد مستەفا
بڕی 268 ملیۆن دینار تەرخان کراوە، تا نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو بۆ گوندی سورەقەڵات لە قەزای ماوەتی باکووری پارێزگای سلێمانی دروست بکرێت.
نەخۆشخانەکە لەلایەن سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە، کە لە بە بەغداوە سەرپەرشتی دەکرێ و سندوقێکی نێودەوڵەتییە پارەی بۆ تەرخان کراوە.
کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت، پڕۆژەکەی بەسەر کردووەتەوە ئەمڕۆ سێشەممە 23.6.2026 بە 964ی وت، بە بڕی 268 ملیۆن دینار نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو بە رووبەری 250 مەتر، لەسەر فراوانی زەوی 1050 مەتر چوارگۆشە، بۆ گوندی سورەقەڵات دروست دەکرێ.
کۆمپانیای سیاکۆ سەرقاڵی کارەکانێتی، قایمقام دەڵێ، بە یاوەری تیمێکی ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردوەتەوە.
لەبارەی وادەی تەواوبوونی و خزمەتکردنی دانیشتووانی گوندەکە ئەو پێی وابوو، کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن و ئومێدی کرد، بۆ کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت.
