چەند قاڵبێکی زێڕ - وێنە: Reuters
بەردەوام لە دابەزینە
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ کەمترین ئاستی تۆمار کرد
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ وەکو چەند رۆژی رابردوو لە دابەزینی بەردەوامە، بەجۆرێک نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 1٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 4050 دۆلار، بەسەی شرۆڤەکاران ئەمە کەمترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا.
ئەو گوشارەی کە لەسەر نرخی زێڕدا دەیبین کاریگەریی ئەو پەرەسەندنانەیە کە پەیوەستە بە جەنگی ئیرانەوە، هەمانکات بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکرێت کە لە دابەزینی بەهای قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی سوودی سەر ئەو قەواڵانە رەنگی داوەتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیران، نرخی زێڕ 23٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە و بەردەوامیش وەک پەرژێنێک لە دژی هەڵاوسان کاری کردووە.
بەپێی رووپێوەکان، تاوەکو پێش هەفتەیەک تەنیا ئەگەری یەکجار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هەبوو، بەڵام ئێستا لەمساڵدا ئەگەری سێجار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئارادایە.
بەسەی شرۆڤەکاران، ئەگەر ئامارەکانی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان پێشان بدەن، بە ئەگەری زۆرەوە، نرخی زێڕ ئاستی 4000 دۆلار دەشکێنێت و دەبێت چاوەڕێی 3800 دۆلار بین، لە دوای ئەوەش دەبێت چاومان لەوە بێت کە ئایا نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزێت بۆ ئاستی 3500 دۆلار.