باشترین 100 گوندی گەشتیاری لە جیهاندا

جگە لە هەرێمی کوردستان چەند گوندێکی عێراقیش بۆ پێشبڕکێی جیهانییەکە بەشدارن

فەرهاد حەسەن

دەستەی گەشتوگوزاری عێراق کە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییە، بەربژێرکردنی چەند گوندێکی عێراقی بۆ پێشبڕکێی باشترین 100 گوندی گەشتیاری لە جیهاندا راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکردووە کە عێراق خاوەن پێکهاتە و توانای گەورەیە بۆ بووژانەوەی گەشتوگوزاری ژینگەیی و گوندنشینی.

عەلی یاسین عەبدولڕەزا، بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەستەکەیان کار لەسەر وەبەرهێنانی ئەو هەمەجۆرییە بێوێنەیە دەکات کە عێراق خاوەنیەتی، لە بیابان و هۆڕەکانەوە تاوەکو چیاکان.

وتیشی: “بۆ ماوەی ساڵێک کار لەسەر هەڵسەنگاندنی چەندین گوند کردووە، ئەمەش بەگوێرەی پێوەرە دیاریکراوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشتوگوزار، چونکە 70 پێوەری جیهانی هەن بۆ هەڵبژاردنی باشترین 100 گوندی گەشتیاری لە جیهاندا.”

ئەو گوندانەی بەربژێر کراون، بیارە لە هەڵەبجە، رواندز لە هەولێر، هرور لە دهۆک میرکی لە موسڵ و گوندی (ئەبو سوبات) لە پارێزگای زیقار، ئاماژەی بەوەشدا کە “ئامانج و مەبەستەکە هاندانی خاوەن گوندەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکانە بۆ گرنگیدان بە گەشتوگوزاری ژینگەیی، بەتایبەت گەشتوگوزاری گوندنشینی کە رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریدا”.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 2021 ەوە دەستی کردووە بەم پێشبڕکێیە، ساڵانە لە رۆژی 19ی ئایار کۆتایی بە پێشکەشکردنی ناوی گوندەکان دەهێندرێت و لەماوەی چارەگی سێیەمی ساڵیشدا ئانجامەکەی رادەگەیەنێت

160 وڵات لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بانگەشەکردن و بەبازاڕکردنی ئەم گوندانە لەسەر ئاستی جیهان.”