22 تۆمەتباریش سەرپێچی تەندروستیان کردووە

بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دراو 77 کەس لە عێراق دەستگیر کراون

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا، لەسەر یاریکردن بە نرخی دراو 77 تۆمەتبار دەستگیرکراون، رێکاری یاساییش بەرامبەر 65 تۆمەتبار گیراوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکە سەرەکییەکانیان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بلاوکراوەتەوە، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو دوێنێ سێشەممە، رێکاری یاسایی بەرامبەر 65 تۆمەتبار گرتوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکە سەرەکییەکانیان کردووە، هەروەها 77 تۆمەتباری دیکەش کە یارییان بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کردووە، دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان دەستیان بەسەر 34 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و رێکاری یاسایییان بەرامبەر تۆمەتباران گرتووەتە بەر، جیا لەوەش 22 تۆمەتبار بەهۆی سەرپێچیی پەیوەست بە لایەنی تەندروستییەوە دەستگیرکراون.

ناوخۆی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت کە بیەوێت هاوڵاتییان بقۆزێتەوە یاخود زیان بە تەندروستی و سەقامگیریی ئابووری بگەیێنێت.