براوەکان خەڵات کران
شەشەمین فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ “فیلمی جینۆساید” کۆتایی بەکارەکانی هات
فەرهاد حەسەن
دوای سێ رۆژ بەردەوام بوون بەبەشداری چەندین فیلم وئامادەبوونی ژمارەیاکی زۆری هونەرمەندان و سینەماکاران لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، شەشەمین فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید کۆتاییهات و خەڵاتی پێشکەشی ئەو فیلمانە کرا کە لە فێستڤاڵەکە براوە بوون.
فێستیڤاڵێکی ساڵانەیە لە چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت و بۆ خولی شەشەمی فێستیڤاڵەکەش 43 فیلم لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بەشدار بوون.
فێستڤاڵەکە لە رۆژی 21.6.2026 دەستیپێکرد و دوێنێش کە دوا رۆژ بوو، وتاری سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ و لیژنەی داوەری خوێندرایەوە و ئاماژە بە لایەنە جیاجیاکانی فیلمەکان و چۆنێتی هەڵبژاردنی فیلمە سەرکەوتووەکان کرا.
براوەی یەکەمی فیلمی چیرۆک ئامێز بریتی بوو لە فیلمی (کۆشکی مێروولەکان) لە دەرهێنانی (تۆفیق ئەمان).
براوەی دووەمی فیلمی چیرۆک ئامێز، فیلمی (فایلی ژمارە 1) لە دەرهێنانی (سۆنای جەلیل زەنگەنە).
براوەی سێیەم فیلمی (خەونا بێزمان) لە دەرهێنانی(مەزلوم باران تەکین)
براوەی فیلمی دۆکۆمێنتەری بریتی بوو لە فیلمی (ژیان لە ئەرشیفدا) لە دەرهێنانی (بورهان ئەحمەدی).
براوەی فیلمی کۆرناڵ، فیلمی (لیمۆ هەمووشتی دەزانی) لە دەرهێنانی (ئیدریس محمودیان).
ئەو بەرهەمانەش کە رێزلێنانی تایبەتی لیژنەی دادوەریان پێبەخشرا بریتی بوون لە فیلمی (پەرژین) لە دەرهێنانی (ساکار عوسمان)، فیلمی (سیتاف) لە دەرهێنانی (دیلان تۆفیق)، فیلمی (بۆنی باروت، دەستور) لە دەرهێنانی (فەرشید عەبدی)، فیلمی(چاکبونەوە) لە دەرهێنانی (ئیلهام رەحیمی)، فیلمی (جەنگ و رەنگ) لە دەرهێنانی (عەدنان زەندی)، فیلمی (نیشان) لە دەرهێنانی (رێمان رەنج)، فیلمی (چاکبوونەوە) لە دەرهێنانی (ئیلهام رەحیمی پور).