فێستیڤاڵى بازاڕ
لە هەڵەبجەوە چوون بۆ هەولێر؛ گەزۆی سلێمانی و دۆشاویان بردووە
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، فێستیڤاڵی بازاڕی هاوینە دەستیپێکردووە، تێیدا کاڵا و بەرهەمی 5 وڵات نمایش دەکرێن، بەڵام بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان بازاڕێکی گەرمیان هەیە.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی هەر یەک لە وڵاتانی (میسر، ئێران، سوریا، ئوردن و عێراق) بەڕێوەدەچێت. جۆرەها کاڵای جیاواز لە جلوبەرگ، بەهارات و شوشەواتی میسری نمایش کراون، لەگەڵیشیدا بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەک گەزۆی سلێمانی و دۆشاوی هەناری هەڵەبجە سەرنجی کڕیارانیان راکێشاوە.
هەڵگورد مەولود، یەکێک لە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکەیە و بە جلی کوردییەوە کاڵاکانی دەفرۆشێت، ئەو بە 964ـی وت، “لە هەڵەبجەوە هاتووین و تەنیا بەرهەمی خۆماڵیمان هێناوە بۆ فێستیڤاڵەکە، گەزۆی سلێمانی خواستێکی تایبەتی لەسەرە لای کڕیاران”.
هەڵگورد لە رێگەی 964ـەوە داوای لە حکومەت کرد، کارئاسانیی زیاتر بۆ جوتیاران بکات بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
دەرگای فێستیڤاڵەکە هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 4ـی عەسرەوە تاوەکو 11ـی شەو بەڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا کراوەیە.
پێداچوونەوە ؛وریا فەتاح