شەقامەکەی بازاڕی کەلار بەیانیان بۆ ئۆتۆمبێل و ئێواران بۆ ھاوڵاتی دەبێت
+964
میلاد جەلال – کەلار
شەقامی سەرەکیی ناو بازاڕی کەلار، لە دوای نۆژەنکردنەوەی، تا ئێستا بە بەربەستی کۆنکرێتی ئەوسەری شەقامەکە داخراوە و رێگە بە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت، شارەوانییش دەڵێت لە ھەوڵی چارەسەرکردنداین.
ئهگهر به نیازی بازاڕی کەلاریت دەست بە لوتتەوە بگرە
“شەقامەکە سەرجەم کارەکانی تەواو بووە و دەمانەوێت وای لێبکەین بەیانیان کراوەبێت بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ئێوارانیش بەھۆی قەرەباڵغی ناو بازاڕ رێگاکە دابخرێت و تەنیا بۆ پیادە بێت، بە دوای بیرۆکەیەکی جواندا دەگەڕێین بۆ کاتی داخستن و کردنەوەی شەقامەکە”، بەرپرسی بەشی پرۆژەکانی شارەوانی وای وت.
دلێر حوسێن بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانیی کەلار بە 964ى وت، “شەقامەکە لەم قۆناغەدا لە کاتی بەیانیان بۆ ھەردوو ئاراستەی ھاتن و رۆیشتنی ئۆتۆمبێل دەکەنەوە، لەوانەیە لە داھاتوودا بیکەین بە یەک ئاراستە، بەڵام جارێ نازانین کەی شەقامەکە بە تەواوی دەکەینەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا