ئەو پارانەی دەستی بەسەردا گیراوە
لە جومەیلییەوە بۆ عەتییە
بە دینار و بەدۆلار پارە لەماڵی بریکاری وەزیری کارەبا گیرا
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە 16.8.2026، کۆمیسیۆنی دەستپاکی وێنەی ئەو بڕە پارە و ئاڵتوونانەی بڵاوکردەوە کە لە ماڵی خالید غازی عەتیە بریکاری وەزیری کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
پارەکە، بڕی پێنج ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی و یەک ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی بووە
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن کە دەست 964 کەوتووە، ئەو پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بڕی پێنج ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی و یەک ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی بووە، ئەمە جگە لە حەوت کیلۆ زێڕ.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراق، کە تێیدا دەست بەسەر سەدان ملیار دینار، ملیۆنان دۆلار و بڕێکی زۆر زێڕدا گیراوە.
عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بووە بۆ کاروباری پاڵاوتن و لە ئێستادا دەستبەسەرە، دوای ئەم بریکارە، بریکاری وەزیری کارەبا و بڵاوکردنەوەی پارە دەست بەسەرداگیراوەکان بوونەتە بەرباس و دووەم دۆسیەیەی گەندەڵییە لە ئاستی بریکاری وەزیر بڵاودەکرێتەوە.