لەکاتێدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا بەڕێژەی 10٪ دابەزیوە

رێکخراوی ستۆپ: بەهای بەنزین لە کوردستان بەنزیکەی 30٪ بەرزبووەتەوە

شۆڕش قادری

لەکاتێدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا بەڕێژەی 10٪ دابەزیوە، بەهای بەنزین لە هەرێمی کوردستان 30٪ بەرزبووەتەوە، ئەمە بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ستۆپ.

رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان کە رێکخراوێکی ناحکومی و سەربەخۆیە، لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا باسی شکستی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی بەنزین دەکات و دەڵێت، “لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا بەڕێژەی 10٪ دابەزیوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەڕێژەی 30٪ بەرزبووەتەوە، ئەمە نیشانەی نەبوونی پەیوەندییە لە نێوان تێچووی راستەقینە و نرخی فرۆشتن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی، دابەشکردنی 40 لیتر بەنزین بە 750 دینار بۆ هەر 11 رۆژ جارێک، نەبووەتە چارەسەر، ئەم سیستەمە تەنیا 20٪ـی پێداویستی رۆژانەی شوفێران پڕ دەکاتەوە، ئەوەی دیکە ناچارن پەنا بۆ بازاڕی ئازاد ببەن، کە نرخەکەی دوو هێندەیە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێم لە تاقیکردنەوەی رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنیدا سەرکەوتوو نەبووە و هیچ هەنگاوێکیش نییە کە ئاماژە بە چارەسەرکردنی قەیرانەکە بکات.

دەقی راپۆرتەکەی رێکخراوی ستۆپ لە خوارەوە؛

ڕێکخراوی ستۆپ: لە 28ـی تەموزەوە سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت، نزیکەی 30٪ بەهای بەنزین بەرزبۆتەوە

ڕاپۆرتی بەدواداچوون

قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە نێوان بەڵێنەکانی حکومەت و واقیعی بازاڕی ئازاددا، لە ماوەى (6ـی حوزەیران تاکو 8ـی ئابی 2026) لەلایەن ڕێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان ئامادەکراوە.

پرسی نرخی سوتەمەنی وەک یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئاسایشی بژێوی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تووشی هەڵاوسانى خێراى نرخ و ناسەقامگیرییەکی گەورە بووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر شکستی هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و دەرئەنجامە پێچەوانەکانی بڕیارەکان.

دەستپێکى قەیرانەکە:

یەکەم: سەرەتای هەڵکشانی نرخەکان (6ـی حوزەیران – 19ـی  تەمموزى 2026) پێش بڕیارەکانی کۆتایی مانگی تەمموز، بازاڕی بەنزین ئاماژەی مەترسیداری تێدا دەرکەوت:

– 6ـی حوزەیران: نرخی لیتری نۆرماڵ لە هەولێر لە 900 دینارەوە گەیشتە (1175) دینار.

– 7ـی حوزەیران: لە سلێمانی نرخەکان بەرزبوونەوە بۆ (1050) دینار.

ئەم قۆناغە بە بەرزبوونەوەی قۆناغبەندی و ڕۆژانە ناسرا، کە حکومەت تێیدا بێدەنگ بوو، ئەمەش فشارێکی زۆری خستە سەر کەرتی گواستنەوە.

دووەم: هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ (20 – 27ـی تەمموزى 2026) لە 20ـی تەمموزدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ یەکەمجار بڕیارێکی توندی دەرکرد بۆ سەپاندنی نرخ، نرخی دیاریکراو: (850 دینار بۆ نۆرماڵ، 1000 بۆ موحەسەن، 1200 بۆ سوپەر)، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنورەکە جێبەجێ نەکرا، لەهەولێر و  دهۆکیش سەرکەوتوو نەبوو؛ چونکە کۆمپانیاکانی هێنان و بازرگانان ڕەتیانکردەوە بەو نرخە بەنزین دابین بکەن بە بیانووی زیانکردن. ئەنجامەکە بریتی بوو لە دروستبوونی قەیرانی کەمیی بەنزین و داخستنی بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان.

سێیەم: بڕیارەکانی 27 و 28ـی تەمموز (بازاڕی ئازاد) دوای سەرنەکەوتنی بڕیاری 20ـی تەمموز، حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو بڕیاری جیاوازی دا:

1. ئەنجومەنی وەزیران لە 27ـی تەمموز بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی بەنزینی 750 دیناری (حکومی) بۆ بەنزینخانەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار، هەروەها چاودێری نرخ و گونجاندنی لەگەڵ نرخی ڕۆژانە.

2. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 28ـی تەمموز جەختی لە دوو بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کردەوە و ئازادکردنی بازاڕی سوتەمەنی ڕاگەیاند. نرخەکان بە شێوەیەکی فەرمی بەرزکرانەوە، بەڵام جێگیرکران بەگشتی لەسەر ئەم ئاستانە:

– نۆرماڵ: 1115 دینار.

– موحەسەن: 1400 دینار.

– سوپەر: 1600 دینار.

چوارەم: هەڵاوسان و ناجێگێرى بازاڕى سوتەمەنى لە 8ـی ئابدا تەقینەوەی نرخەکان ڕویداوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ چاودێریکردن، لە 8ـی ئابدا نرخەکان ئاستێکی پێوانەییان تۆمارکرد:

– بەنزینی نۆرماڵ: تا (1500) دینار بەرزبویەوە.

– بەنزینی موحەسەن: لە نێوان (1850 بۆ 2000) دینار.

– بەنزینی سوپەر:(2500 ) دینار.

تێبینی و ڕەخنەکان سەبارەت بە ئیدارەدانی قەیرانى سوتەمەنى:

1. دژیەکى نرخى سوتەمەنى بەرامبەر بازاڕی جیهانی، لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا بە (ڕێژەی 10٪) دابەزیوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بە رێژەی سەروو (  30 ٪)  بەرزبووەتەوە، ئەمە نیشانەی نەبوونی پەیوەندییە لە نێوان تێچووی ڕاستەقینە و نرخی فرۆشتن.

2. سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی، دابەشکردنی 40 لیتر بەنزین بە 750 دینار بۆ هەر 11 رۆژ جارێک، نەبووەتە چارەسەر، ئەم سیستەمە تەنها 20٪ـی پێداویستی ڕۆژانەی شوفێران پڕ دەکاتەوە، ئەوەی دیکە ناچارن پەنا بۆ بازاڕی ئازاد ببەن، کە نرخەکەی دوو هێندەیە.

3. ناکۆکی لە بڕیارەکان، گواستنەوەی بڕیار لە کۆنتڕۆڵکردنی توند (20ـی تەمموز) بۆ ئازادکردنی ڕەها (28ـی تەمموز) نیشانەی نەبوونی ستراتیژێکی ڕوونە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانانی سوتەمەنی.

4. جیاوازی نرخ لە نێوان شارەکان، هەولێر و دهۆک بەرزترین نرخیان تێدا تۆمارکراوە (تێپەڕاندنی 2000 دینار بۆ سوپەر)، لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخەکان بە ڕێژەیەکی کەم نزمتر بوون.

5. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەی ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنیدا سەرکەوتوو نەبووە وەک بەڵێنی دا، هیچ هەنگاوێکیش نیە کە ئاماژە بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە، هەنگاوی بەپەلەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و زیادکردنی بەرهەم لە بازاڕ،  دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی بەنزینە بۆ دەرەوە، تا چاڕەسەربوونی قەیرانەکە.

6. جێبەجێ کردنى ئەو ڕاسپاردەیەى وەزیرى نەوتى عێراق، بە وەرگرتنەوەى 50 هەزار بەرمیلەکە لە بەرامبەردا دابین کردنى بەنزین بۆ کوردستان.