دار زەیتونە تەمەن هەزار ساڵییەکەی دهۆک گرانترینە لە عێراق

تەمەنی ١١١٩ ساڵە

+964

هیڤی دێوالی

دار زەیتونێک لە دهۆک هەیە کە تەمەنی ١١١٩ ساڵە، بەهۆی زۆر چوونە تەمەنەوە چیتر بەری زەیتون ناگرێت و نرخەکەشی ٦٠ هەزار دۆلای ئەمەریکییە.

لەم ڤی تیەی هاوکارمان هیڤی دێوالی لە دهۆک، سەرنجتان بۆ بە تەمەنترین دار زەیتون لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەکێشین، کە لە ئیسپانیاوە هێنراوەتە کوردستان و، وەک خاوەنی نەمامگەکەش دەڵێ؛ تەمەنی ١١١٩ ساڵە.

ئەیاد سلێمان، خاوەنی نەمامگەی  کوردستان لە دهۆک دەڵێ؛ ئەو دار زەیتونە کە تەمەنی وا دەبێتە ١١١٩ ساڵ، ساڵێک پێش ئێستا لە وڵاتی ئیسپانیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوەو، بەگوێرەی پڕۆفایلی هاوپێچی بێت، ئەو دارە تەمەنی لە ١١١٩ ساڵ نزیک بۆتەوە، بەمەش هەم گرانترین دارە لە رووی نرخەوە لەسەر ئاستی عێراق، هەمیش بە تەمەنترین دارە.

زیاتر وتی “بەهۆی زۆری تەمەنیەوە، ئەو دارە چیتر بەری زەیتون ناگرێت، تەنیا وەک جوانی خەڵک بۆ ناو باخچەو باخ بەکاری دەهێنن”.