دوو رۆژ دیاریکراوە

وەرگیراوانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەکرێنەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداریەکی بۆ ئەو کارمەندانەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوکردوەتەوە کە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون، بەپێی ئاگاداریەکە هەفتەی داهاتوو دوو رۆژ دیاریکراوە تا وەرگیراوان سەردانیان بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24.8.2023 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئاگاداری سەرجەم وەرگیراوانی وەزارەتەکەی کردووەتەوە، ئەوانەی لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون، پێویستە لەماوەی رۆژانی یەکشەممە 27ی مانگ و دووشەممە 28ی مانگ سەردانی وەزارەت بکەن و هاوکات سێ مەرجیشی دیاریکردووە.

بەپێی ئاگادارییەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئەو وەرگیراوەی سەردانی وەزارەت دەکات دەبێت کۆپیەکی ئەو وەرگیرانەیان لابێت کە لە زانکۆکە بڵاوکراوەتەوە، ئەگەر لە لیستی گازاندە ریزبەندی ئەو کەسە گۆڕاوە دەبێت بە کاغەز لای بێت و لەگەڵ خۆی بیهێنێت، هاوکات وێنەیەکی ئەو فەرمانە زانکۆیەی لابێت.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەو رێکارە بۆئەوەیە کێبڕکێی کورسییەکانی ناو وەزارەت یەکلایی بکرێتەوە، بەپێی ئەو رێکارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریکردووە.

بۆ ئەمساڵ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا، بۆ هەریەکە لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا 15 هەزار و 728 خوازیار داواکاریان پێشکەشکردبوو، ئەو ژمارەیە کێبڕکێیان لەسەر حەوت هەزار و 614 کورسی دەکرد.