ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی
باوکی ژینا ئەمینی پەیامی هەیە
“تێپەڕینی چوار ساڵ خەمی خێزانەکەمی کەم نەکردووەتەوە”
ئەحمەد مستەفا
لە چوارەمین ساڵیادی ژینا ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی باوکی، پەیامێکی سوپاسگوزاری ئاڕاستەی خەڵک کردووە کە بە شێوەی جۆراوجۆر یاد و ناوی کچەکەی و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” یان زیندوو راگرتووە.
ئەمجەد ئەمینی دەڵێ، تێپەڕینی چوار ساڵ نەیتوانیوە خەمی لەدەستدانی ژینا لە دڵی خێزانەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام هاوسۆزی و پشتیوانیی خەڵک وای کردووە لەم خەمەدا خۆیان بە تەنیا نەبینن.
ئەو هەروەها ئاماژەی بە داخستنی دووکان و بازاڕ لە هەندێک شار کرد و ئەمەی بە نیشانەیەک لە یەکگرتوویی و هاودەردیی خەڵک لەگەڵ خێزانەکەی ژینا باس کردووە.
باوکی ژینا هەروەها وتی، سەرەڕای رێگریکردن لە خێزانەکەی بۆ سەردانی مەزاری کچەکەی لە ئارامگەی ئایچی، خەڵکی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر یاد و ناوی ژینایان بەرز راگرتووە.
ئەو لە کۆتاییدا سوپاسی ئەو کەسانەی کردووە، کە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بە پەیام، گوڵ و یادکردنەوە هاوسۆزییان دەربڕیوە.