لابران
سەرەى بەرد و بلۆک نەما؛ شۆفێران دایان دەنا
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماوەیەکە شۆفێران لە جیاتى ئۆتۆمبێلەکانیان، بەرد و بلۆک لەسەر شەقامەکان دادەنێن و دەیکەنە نیشانەى سەرەگرتنیان بۆ بەنزین، بەڵام لە سلێمانى هەڵمەتى لابردنى ئەو بەرد و بلۆکانە دەستیپێکرد و لادران.
سەروەر ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری بەنزینخانەی كازیوە بە 964ی وت،”لەسەر راسپاردە و رێنمایی لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی هەستاوین بەلابردنی ئەو شوێنانەی كە دیاریكراون بۆ سەرەگرتنی بەیانی و بەشۆفڵی بچوك هەموویمان لابردووە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، كاتێك كە ئێواران بەنزین نامێنێت، شۆفێران بەرد و بلۆک دادەنێن بۆ دیاریکردنى شوێنەکانیان لە سەرەدا بۆ رۆژى دواتر ئۆتۆمبیلەکانیان دەخەنە شوێنى ئەو بلۆک و بەردانەى لەسەر شەقامەکە دایانناوە، ئەوەش دیمەنێکى ناشیرینى دروستکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح