گرێبەستەکانی گەرمیان

دروشمەکانیان بە عەرەبی بەرزکردەوە؛ دەبێت بەغدا بمانکاتە هەمیشەیی دەنا بایکۆت دەکەین

میلاد جەلال- گەرمیان

مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای کفری گردبوونەوە. ئەوان داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن و بۆ گەیاندنی دەنگیشیان بە بەغدا، ئەمجارە دروشم و تابلۆکانیان بە زمانی عەرەبی نووسیوە.

نێچیرڤان رەئوف، یەکێک لە مامۆستا گرێبەستەکانی بەشداربووی گردبوونەوەکە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی، بۆ ئەمەش داواکارن لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027ـی عێراقدا جێگەیان بکرێتەوە و شایستە داراییەکانیان بۆ تەرخان بکرێت.

سەبارەت بە هۆکاری بەکارهێنانی زمانی عەرەبی لە پۆستەر و دروشمەکانیاندا، نێچیرڤان روونیکردەوە کە مەبەستیانە پەیامەکەیان راستەوخۆ بگاتە بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی، وتیشی: “دروشمەکانمان بۆیە بە عەرەبی نووسیوە تا دەنگمان بگاتە بەرپرسانی عێراق، چونکە ئێستا بابەتەکەمان لە دەسەڵاتی ئەواندایە و ئەوان دەتوانن بمانکەن بە هەمیشەیی”.

هۆشداریش دەدەن، ئەگەر گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیرێت، هەڵوێستی دیکەیان دەبێت و بایکۆتی دەوام لە قوتابخانە و فەرمانگەکان رادەگەیەنین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح