لە پێنج شار خۆپیشاندان کرا

کوردەکانی بەریتانیا “سیاسەتی بە عەرەبکردن” رەتدەکەنەوە

ئەحمەد مستەفا

رەوەندی کوردی و چالاکوانە کوردەکان لە چەند شارێکی بەریتانیا کۆبوونەوە و دەڵێن، “سیاسەتی بە عەرەبکردنی کوردستان” رەتدەکەنەوە، هەروەها بۆ پشتگیری لە مافەکانی کورد، خۆپێشاندانێکی گەورەیان بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندانەکان لە بەردەم باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن و کونسڵخانەی عێراق لە مانجستەر، هەروەها لە شارەکانی بێرمینگهام، نیوکاسڵ و گلاسگۆ بەڕێوەچوون.

ئاوات جەمال ساڵح، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە بەریتانیا بە 964 وت، لە خۆپێشاندانەکاندا بەیاننامەی رێکخراوی حەڤدەی شوبات بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە، لە بەیاننامەکەدا داوا کرا رێگری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، نەکرێت.

هەروەک ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە باسی کرد، رێکخراوەکە نیگەرانی و رەخنەی خۆی لە بێدەنگی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەوەی بە سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق کاردانەوەی پێویستیان نەبووە راگەیاندووە.

ئاوات جەمال ساڵح وتی، رەوەندی کوردی و چالاکوانان لە بەیاننامەکاندا ئاماژە بەو رووداوانە کروو کە لە ماوەی رابردوودا لە خانەقین روویان داوە، و  جەختیان لە پاراستنی مافە نەتەوەیی و زمانەوانییەکانی کورد و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە.

دیمەنی خۆپیشاندانەکان

دیمەنی خۆپیشاندانەکان