لە کۆی 12 هەزار فۆرم
هەولێر زۆرترین فۆڕمی کرێنشینانی پڕکردووەتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
پڕکردنەوەی فۆڕمی کرێنشینان بەردەوامیی هەیە، تا ئێستا نزیکەی 45 هەزار کەس سەردانی لینکەکەیان کردووە، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، لە هەولێر زۆرترین فۆڕمی کرێنشینان پڕکراوەتەوە.
فوئاد باقی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و نیشتەجێکردنی سلێمانی بە 964ی وت، لە سەرجەم هەرێمدا 12 هەزار و یەک کەس فۆڕمی یەکەی کرێنشینانیان پڕکردووەتەوە.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێکردنی سلێمانی، لە هەولێر پێنج هەزار و شەش کەس، لە سلێمانی چوار هەزار و 295 کەس و لە دهۆک هەزار 359 کەس، لە هەڵەبجە 130 کەس، لە ئیدارەی گەرمیان 525 کەس و لە ئیدارەی راپەڕین 134 کەس، لە سۆران 319 کەس و لە زاخۆ 233 کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964 تا ئێستا ئەو یەکانەی بڕیارە بەسەر کرێنشینان دابەش بکرێن، تەواو نەکراوە، دوای دەرچوونی ناوەکان، ئینجا دەستدەکرێت بە تەواوکردنی ئەو کارانەی تێیدا ماوە.
ماوەی 10 ساڵە بینای یەکەی کرێنشینان دروستکراون، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، چونکە هەندێکیان دەرگا و پەنجەرەی نەماوە و نوێکردنەوەیان پێویستە.
پارێزگای سلێمانی زۆرترین یەکەی هەیە، شوێنەکانیان دەکەوێتە زڕگوێز و سیتەک و کەڵەوانان، لە هەڵەبجە و دەربەندیخان و قەرەداغ و گەرمیان و پێنجوێن و ئیدارەی ڕاپەڕین بەهەمان شێوە یەکە دروستکراوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی