قاچ و باڵى تێدا پەڕى
رۆژێکی کارەساتبار لە هەرێمی کوردستان؛ زنجیرەیەک رووداوی دڵتەزێن
وریا فەتاح
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، رۆژێکی پڕ لە کارەسات و رووداوی دڵتەزێن تۆمارکرا. بەهۆی زنجیرەیەک رووداوی هاتوچۆ، کارکردن و رووداوی نەخوازراوەوە، چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، منداڵێکیش بێسەروشوێنە.
سەرەتای خەمەکانی ئەمڕۆ بە بەخاکسپاردنی تەرمی رۆژنامەنووس (هەڵکەوت عەزیز) لە شاری کەرکوک دەستیپێکرد. هێشتا رۆژنامەوانان لەو خەمەدا بوون، هەواڵی گیانلەدەستدانی کچە رۆژنامەنووس (لاناز کوردۆ)، کچی شاعیری کۆچکردوو ‘کوردۆ’، بڵاوبووەوە، کە بەهۆی رووداوێکی سەختی هاتوچۆوە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.
رووداوە دڵتەزێنەکانی پەیوەست بە منداڵان بەشێکی دیکەی کارەساتەکانی ئەمڕۆ بوون. لە گوندی بانیخێڵانی سنووری قەزای دەربەندیخان، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو دوای ئەوەی بەتەنیا دەچێتە ناو ئۆتۆمبێلی باوکی، بەهۆی گەرما و نەمانى هەناسەوە گیانی لەدەستدا. هاوکات لە نوێترین رووداودا، منداڵێکی گەشتیاری تەمەن 11 ساڵ لە نزیک سەرچاوەی ئاوی زەڵم دیارنەماوە و گومان دەکرێت ئاو بردبێتی، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش چارەنووسی نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە، لە شاری هەولێر، کارمەندێکی سەر بە وەزارەتی کارەبا لە کاتی چاککردنەوەی محاویلەیەکدا کارەبا گرتی و دەستبەجێ گیانی سپارد. لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، ئەندازیارێک لە کاتی کارکردندا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەسکەلەیەک بەسەریدا، دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. هەروەها لە کارگەیەکی هاڕینی بەرد لە سنووری دەربەندیخان، کرێکارێک لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا قۆڵی کەوتە بەر ئامێرێک و بە سەختی بریندار بوو، کە بەهۆیەوە قۆڵێکی لەدەستدا.
بەیانی ئەمڕۆ لە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران، هاوڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە پێکرا و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە قاچێکی لەدەستدا.