لە شوێنی نەخۆشخانە حکومییەکە

30 بێد بۆ نەخۆشخانە تەواونەبووەکەی چەمچەماڵ دابینکرا

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

تەندروستیی چەمچەماڵ لەسەر داهاتی خۆی 30 بێدی کارەبایی پێشکەوتووی بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کڕی و بڕیارە دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەکە بخرێنە کار.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16.8.2023، د. فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، ئەو 30 بێدە زۆر پێشکەوتوون و لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکاندا بەکاردەهێنرێن و هەر بێدێک بڕی دوو ملیۆن دینار لەسەریان دەکەوێت.

“خێرخوازێک نەخۆشخانەکەمان بۆ دروست دەکات، ئێمەش لەهەوڵی دابینکردنی ئامێری پزیشکی و کەلوپەلی پرۆژەکەداین و دەمانەوێت لە کاتی تەواوبوونیدا، ئامادە بێت بۆ کردنەوە”، د. فەرهاد محەمەد وای وت.

لە ساڵی 2013ـەوە بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دانرا لە چەمچەماڵ، بەڵام دواتر پڕۆژەکە تەواونەکرا و بەردی بناغەی پڕۆژەکەش بوونی نەما، بەڵام ئێستا لە لایەن سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی نەخۆشخانەیەکی 100 قەڕەوێڵەیی بۆ چەمچەماڵ دروست دەکرێت لە شوێنی ئەو نەخۆشخانە حکومییە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستکراوە بە کارکردن لە نەخۆشخانەکەدا.

لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، 40 نەخۆشخانە و سەنتەری کلینیک و بنکەی تەندروستی هەن.