هەفتەی داهاتوو ئاشکرا دەکرێت

هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە ستراتیژییە گەشتیارییەکانی سنووری رانیە دەستیپێکرد

فەرهاد حەسەن

لە ئیدارەی راپەڕین دەست بە یەکەمین قۆناغی هەڵسەنگاندن کرا بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە تایبەتمەندی بواری گەشتیارییان لە سنووری رانیە دا هەیە، وەکو بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە ئاشکرا دەکرێت.

هەڵسەنگاندنەکە، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و لەسەر راسپاردەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان، ئەنجام دەدرێت، ئەویش  دوای ئەوەی پێشتر سێ پڕۆژەی گرنگی ستراتیژی لە سنووری رانیە راگەیەندرا.

سێ پڕۆژەکە بە مەبەستی دروستکردنی هۆتێل و مۆتێلی گەشتیاری بوو.

گەشتوگوزاری راپەڕین دەڵێت، پرۆسەکە بە ئامادەبوونی پێشکەشکاران و خاوەن پڕۆژەکان ئەنجامدرا، کە تێیدا بە وردی باسیان لە پرۆپۆزەڵ و پڕۆژە پێشکەشکراوەکانیان کرد و لیژنەی هەڵسەنگاندنیش پێکهاتبوون لە نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی.

لە ئێستادا لیژنەی سەرپەرشتیار بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ یەک بە یەکی پڕۆژەکان دەکات و بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا ئەنجامەکان بە شێوازێکی تەواو شەفاف بۆ رای گشتی بخرێنەڕوو.