ئەفسەرێک و پۆلیسێکن
عەلى زەیدى بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی بۆ دوو کوژراوەکەى ناوچەی دۆرە دەرکرد
964+
وریا فەتاح
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران پێشوازی لە خێزان و کەسوکاری ئەو دوو ئەفسەر و کارمەندەی پۆلیس کرد، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ لابردنی زێدەڕۆیی لە ناوچەی دەورە کوژرا بوون و بەڵێنی سزادانی بکوژەکانی پێدان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کراوە لە خێزانی هەردوو کوژراوەکە، عەمید هیشام محەممەد تەڵاع سەلمان، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی شارەوانی لە کەرخ، لەگەڵ موفەوەز خالید عەباس لەفتە فەوالی، کە لە میانی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان و سەپاندنی یاسا لە ناوچەی دەورە گیانیان لەدەستدا.
لە دیدارەکەدا سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، “شەهیدان مەشخەڵی وڵاتن و کەسوکارەکەشیان لە دڵی ئێمەدان، دادپەروەریش رێڕەوی خۆی دەگرێت و تاوانباران بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن”.
لە دیدارەکەدا، عەلی زەیدی فەرمانی دا بە دابینکردنی چاودێریی تەواو بۆ خێزانی هەردوو کوژراوەکە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، هاوکات وەک پێزانینێک بۆ قوربانیدانەکەیان لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی پلەی سەربازیی هەردووکیان بۆ پلەیەکی بەرزتر.
رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە کاتی هەڵمەتێکی لابردنی زێدەڕۆیی لە ناوچەی دۆرەی بەغدا رووبەرووبوونەوە لەنێوان پۆلیس و چەند چەکدارێک روویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرێک و کارمەندێکی پۆلیس کوژران.