"ترێ بە تامی مۆز و شلیک"

جوتیارێکی سەیدسادق جۆرە جیاوازەکانی ترێ نمایش دەکات

بڕوا مەجید – سەیدسادق

لە فێستیڤاڵی “حەسارە” لە قەزای سەیدسادق، جوتیارانی دەشتی شارەزوور بەرهەمە خۆماڵییەکانیان نمایش کرد، جوتیارێکیش بە ترێ ناوازەکانی سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشابوو باس لە پەرەپێدانی جۆرە نوێیەکانی ترێ دەکات لە ناوچەکەدا.

خەسرەو محەمەد جوتیارێکی فێستیڤاڵەکەیە بۆ 964 وتی، جۆرێک ترێیان هەیە بە ناوی “کەمالی”، کە زۆر بەرگەی نەخۆشی و گۆڕانکارییەکانی ژینگە دەگرێت و هێشووەکانی زۆر گەورەن، کێشی هەندێک لە هێشووەکانی ئەو ترێیە لە نێوان حەوت بۆ 10 کیلۆگرامدایە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و تێک ناچێت.

وتیشی، پلانیان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو جۆرە نوێیەکانی ترێ بە تامی جیاوازی وەک “مۆز و شلیک” بەرهەم بهێنن، کە لە ئێستادا لە قۆناغی چاندندایە، جیا لە ترێ، ئەو جووتیارە بەرهەمەکانی دیکەی وەک شوتی، تەماتە، بیبەر و هەنجیری “شارەزوور”ی نمایش کردووە و جەخت دەکاتەوە کە هەموو بەرهەمەکانیان سروشتی و خۆماڵین.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر