سلێمانی.. بەشی چاودێری چڕی نیمچە تایبەت دەکرێتەوە

964+

فەرمان سادق

وەزارەتی تەندروستی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی بەشی نیمچە تایبەتی چاودێری چڕ لە سلێمانی. بەڕێوەبوەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، تەنیا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16.8.2023، دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند کە وەزارەتی تەندروستی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی بەشی چاودێری چڕی نیمچە تایبەت، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانین.

دکتۆر سەباح هەورامی، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوەی لە سلێمانی هەیە بەشی ئەوە ناکات هەموو نەخۆشەکانی پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە، لە چاودێری چڕی حکومی بخەوێندرێن، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش شەوی مانەوەیان بە 500 بۆ ملیۆنێک دینارە.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بە بۆنەی کردنەوەی بەشی چاودێری چڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی شار، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەشە نیمچە تایبەتە شەوی مانەوەی نەخۆش بە 200 هەزار دینارە، ئێستا زیاتر لە 30 نەخۆش چاوەڕێی کردنەوەی ئەو بەشەن.

تەندروستی سلێمانی، نزیکەی 14 هەزار میلاکی هەیە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری تەندروستی شارەکە دەڵێت؛ بۆ بنەبەڕکردنی کێشەی میلاک و کەمی کارمەند و پزیشک لە نەخۆشخانەکان ئەوا تەندروستی سلێمانی پێویستی بە 36 هەزار کارمەند و پزیشک هەیە.