لوتکەی پاکستان؛ ئیسلام ئاباد دەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ئاشتی و جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

جیهان چاوی لە ئیسلام ئابادە

ژێوار خدر

ئەم بەیانییە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە رووی هاتوچۆدا داخرا و رێکارە ئەمنییەکان بۆ ئاستی باڵا بەرزکرانەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆیەکی چارەنووسساز لە نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران. بەپێی راپۆرتێکی CNN، ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ناسەقامگیر هەیە و چارەنووسی ئابووری جیهان و ملیۆنان مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەنجامی ئەم دانوستانانەوە بەستراوەتەوە.

کێ لەسەر مێزی گفتوگۆیە؟

بەپێی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، شاندی ئەمریکا پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت و جارێد کوشنەر  زاوای ترەمپ، لە بەرامبەردا هەرچەندە تاران بە فەرمی ناوی شاندەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات، کە وەک کەسێکی نزیک لە ترەمپ بۆ ئەم دانوستانانە دەبینرێت.

خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە

هەردوولا لەسەر کارنامەی کۆبوونەوەکە ناکۆکن:

داواکانی ئێران:  تاران 10 داواکاری خستووەتە روو، لەوانە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، وەرگرتنی قەرەبووی شەڕ و هەڵگرتنی هەموو سزاکان.
داواکانی ئەمریکا: تیمی ترەمپ پلانێکی 15 خاڵییان پێیە کە داوای رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و سنووردارکردنی توانای سەربازی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات.

لوبنان؛ ئەو بەربەستەی رەنگە هەموو شتێک تێکبدات

گرژترین خاڵی گفتوگۆکان تێوەگلانی لوبنانە لە ئاگربەستەکەدا، ئێران و پاکستان پێیان وایە ئاگربەست حزبوڵڵای لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوە رەت دەکەنەوە. تەنیا لە رۆژی چوارشەممەدا، ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی لوبنانی کرد و بووە هۆی کوژرانی 303 کەس، ئەمەش مەترسی جددی لەسەر شکستهێنانی گفتوگۆکان دروست کردووە.

هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز

کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ جووڵەی نەوت خاڵێکی سەرەکییە، جەی دی ڤانس هۆشداری داوە ئەگەر ئێران رێگەی تانکەرەکان نەدات، ئاگربەست کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا ئێران دەڵێت داخستنی گەرووەکە وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل.

ئایا هەردوولا دەگەنە رێککەوتن؟

لە کاتێکدا ترەمپ گەشبینە و دەڵێت “ئێرانییەکان لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا زۆر عاقڵانەترن و ئاشتییان دەوێت”، بەڵام میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە تاران واشنتۆنی ناچار کردووە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەپێی سەرچاوەکانی CNN، ئەمە تەنیا سەرەتای زنجیرەیەک دانوستانی چڕ دەبێت و پێناچێت بەم یەک دوو رۆژە هەموو کێشەکان چارەسەر ببن، بەڵکو تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکرێت.