کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو

ئیتر رێکارەکانی پاراستنی ژینگە توند دەکرێن

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئیتر سەبری نەما و رێکارەکانی پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت توند دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.5.2026 کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ توندکردنی رێکارە کردارییەکان لە هەولێر و لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا، تێیدا وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد سەرپەرشتی کرد و پارێزگاری شارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها چەندین لایەنی بەرپرسی دیکە ئامادەی بوون.

کورتەی کۆبوونەوەکە ئەم خاڵانەی تێدابوو:

*وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و توندکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی دەکات.

*وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد، پێویستە ئاستی ئەو هەماهەنگییە بەرز بکرێتەوە و هەمووان وەکو یەک تیم لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە کار بکەن.

*بڕیاردرا ئەزموونی لیژنەی هەولێر بگوازرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە دەسەڵاتی تەواوەوە کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت هەوڵی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت دەدات.

*پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ستایشی (پڕۆژەی رووناکی)یان کرد، کە جگە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، هەزاران مۆلیدەش کوژاونەتەوە.

* کۆبوونەوەکە هەڵوەستەی لەسەر زۆریی عەلاگەی پلاستیک، بوتڵی پلاستیک و شووشە کرد، کە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن و تەمەنی مانەوەیان لەناو سروشت درێژە، پێشنیار کرا کە لەگەڵ کۆمپانیا و کارگەکان کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیراسەکردنی چارەسەر و دۆزینەوەی رێگاچارە.

*وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی تەواوی دایە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە، یاسا و رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە وەکو خۆی جێبەجێ بکەن و سزای توند بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان دەشێوێنێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە 23.4.2026 رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە راگەیاند و بە نوسراوی ژمارە 11255 بە واژۆی وەزیری ناوخۆ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەنددارەکانی وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بە پێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە پیس دەکات.