دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا – وێنە: NBC NEWS
"ئێران پەلاماری کەشتی وڵاتانی دیکە دەدات"
ترەمپ: ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانمان لەسەر زەوی دەیسڕینەوە
+964
ژووری هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی جددی لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کەشتییەکانمان ئێران لەسەر زەوی دەسڕینەوە.
سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز کردووە و دەڵێت، سوپاکەیان خاوەنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر و پێشکەوتووترە لە جاران و بنکە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا پڕکراون لە نوێترین ئامێر و کەرەستەی جەنگی و لە کاتی پێویستدا سەرجەمیان بەکاردەهێنن.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێن کە ئەمڕۆ ئێران چوار موشەکی ئاراستەی ئیمارات کرد.
هەروەها ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیاڵ” رایگەیاند، ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتی هەندێک وڵات کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە نییە، لەوانەش کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور. وتیشی “ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کۆریای باشوور بێت و بەشداریی شەڕەکە بکات”.
ترەمپ باسی لەوەشکرد، هێزی دەریایی ئەمریکا حەوت بەلەمی بچووکیان تێکشکاندووە.
بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، جگە لە کەشتییەکەی کۆریای باشوور، تاوەکو ئەم ساتە هیچ کەشتییەکی دیکە زیانی بەر نەکەوتووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە سبەی وەزیری جەنگ، پیت هێگسێت و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، دان کەین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان دەبێت.