جلوبەرگی باڵاپۆش زۆرە و خانمان تاقیناکەنەوە

964+
رێژوان مام قادر – سلێمانی
ڤیدیۆ

ئێستا جیاواز لە جاران، دەیان جۆر و مۆدێلی جلوبەرگی باڵاپۆشی هەن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە وتەی ئەو کەسانەی کۆگای جلوبەرگیان هەیە، خانمان بە کەمیی تاقیاندەکەنەوە.

هێشوو ئەحمەد، کچێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانیە و ماوەی پێنج ساڵە لە بواری جلوبەرگی باڵاپۆشی خانمان و بابەتی جوانکاریی کاردەکات، باس لەوە دەکات، ساڵانی رابردوو، مۆدێلی جلی باڵاپۆشی کەم هەبوون، بەڵام ئێستا مۆدێلی زۆر هەن کە بە رەنگی جیاواز بەردەستن.

بە قسەی ئەو، تاوەکو ئێستا، بەشێک لە خانمە باڵاپۆشەکان نەیانتوانیوە دەست بدەنە ئەو مۆدێلە جیاوازانە بە هۆکاری جیا، بەڵام فرۆشیارەکان بەردەوام هاوکارییان دەکەن لە هەڵبژاردنی مۆدێلەکان.

964+ دەزانێت، زۆربەی جلەکانی باڵاپۆشیی لە وڵاتانی تورکیا و ئیماراتەوە دەهێندرێن، کە مۆدێلی تورکی و عەرەبین و نرخیان دەگۆڕێت بەگوێرەی جۆرەکانیان.

سیما کەریم، خانمێکی باڵاپۆشە و دڵخۆشە بەوەی کە ئێستا چەندان مۆدێل و رەنگی جیاوازی جلی باڵا پۆشی هەیە و دەڵێت، “بە بەراورد بە پێشتر ستایل و شێواز و رەنگی زۆر هەیە، جگە لە ستایلەکانی جلوبەرگ لەچکەکانیش گۆڕاون و شێوازی جیاوازی هەیە بە دیزاین و ستایلی نوێ کە ئاسانکاریان بۆ ئێمەی خانمانی باڵاپۆش کردووە”.

بە قسەی ئەو دوکاندارانەی 964+ قسەی لەگەڵ کردوون، خانمان بە خێرایی مۆدێلە نوێیەکانی جلوبەرگی باڵاپۆشییان پێ هەزم نابێت، بەڵام ئەوانەش هەن کە دەیانەوێت هەموو جۆرەکان تاقیبکەنەوە.