دوو ژمارە تەلەفۆنی لەسەر سەیارەکەی داوە

هەر شوێنێک بتوانێ دەچێ و قورئان بەدیاری دەداتە هاوڵاتیان

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

مامۆستایەکی ئایینی دوو ژمارە تەلەفۆنی لەسەر سەیارەکەی داوە و بە یەک تەلەفۆن قورئان دەگەیەنێتە دەست هاوڵاتیان، قورئانەکان بەدیاری دەبەخشێت و هیچ پارەیەک وەرناگرێ، بەڵام بۆ رێگای دوور کێشەی هەیە و ناتوانێ بچێتە هەموو شوێنێک.

سیروان ئەسعەد وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی سورداشە، ئەمڕۆ لە سلێمانی بووە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “چوار ساڵ پێش ئەو بیرۆكەیەم لا دروست بوو، پێشوتریش ئارەزووی كارەكەم هەبووە بەڵام نەبوونی ئۆتۆمبێل و دەستکورتی كارەكەی دواخستم، هیچ كەس و رێكخراوێكیش هاوكارم نییە، تەنیا لەو داهاتەی كە هی خۆمە و مانگانە دێتە دەستم، بەشێكی بۆ کارە خێرخوازییەکان و کڕینی قورئانەکان تەرخان دەکەم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر قورئان بۆ ئەو کەسانە دەبات کە پێویستیان پێیەتی، هەندێک جاریش خواپێداو و خێرخوازان لە کڕینی قورئانەکان هاوکاری دەکەن.

مامۆستا سیروان وتیشی، زۆر جار لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە تەلەفۆنی بۆ دەکەن، بەڵام لەبەر دووری رێگاکە ناتوانێ بچێت و 50٪ـی داواکارییەکانی لەبەر ئەو هۆکارە پەکی دەکەوێ، تا ئێستاش کەس نەبووە لەوەدا هاوکاری بکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری