مزگەوتی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی هەولێر. وێنە: 964
بەهۆی نەبوونی کارەباوە
وتاری مزگەوتێکی هەولێر 54 چرکە بوو
شیراز عەبدوڵا
ئەمڕۆ لە مزگەوتی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی هەولێر وتاری هەینی تەنیا 54 چرکەی خایاندووە، مامۆستای مزگەوتەکە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی کارەبا و گەرمای زۆر دەگەڕێنێتەوە.
ئەم دوانیوەڕۆیە 964 ڤیدیۆی وتارە کورتەکەی مامۆستا عەلی تاهیری بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر کە پەیوەندیمان پێوەکرد، ئامادە نەبوو بە ڤیدیۆ روونکردنەوەی زیاتر بدات.
مامۆستا عەلی تاهیر بە رێگەی تەلەفۆن بە 964ـی وت، “لەوکاتەدا مۆلیدەی مزگەوتەکەمان لەکارکەوتبوو و کارەبای نیشتیمانیش نەبوو، هەربۆیە بە باشمان زانی درێژە بە وتارەکە نەدەین لەبەر گەرما”.
هاوکات، محەمەد ئەبوبەکر خادمی مزگەوتەکە بە 964ـی وت، کاتێک مۆلیدەکە ئیشی نەکرد، پلەی گەرمای ناو مزگەوتەکە زۆر بەرزبووەوە و خەڵکەکە تەحەمولی نەدەکرد.
مزگەوتی بارۆ گەردی رۆژانی هەینی بەشێکی زۆر لە نوێژخوێنانی دانیشتووی گەڕەکەکانی نێوان 100 مەتری و 60 مەتری هەولێر سەردانی دەکەن.