گۆشت لای خۆیان نییە
داخستنی کوشتارگە قەسابەکانی چەمچەماڵی بردووەتە تەکیە
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
لەگەڵ داخستنی کوشتارگەی چەمچەماڵ، بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی و گواستنەوەی گۆشت لە ماتۆڕسکیلدا، کێشە بۆ گۆشتفرۆش و قەسابەکان دروستکردووە و دەبێت بچن لە تەکیەوە گۆشت ببەنەوە قەزاکەیان.
باس لەوەش دەکەن کە ئەگەر وابڕوات، ناچارن نرخى گۆشت بەرز بکەنەوە.
رێبوار جەبار، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی چەمچەماڵ بە 964ی وت، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن هاوڵاتیانەوە سەبارەت بە سەربڕخانەی چەمچەماڵ و بەدواداچوونەکانی لیژنە هاوبەشەکانمان، بۆمان دەرکەوت کە سەربڕخانەکە هیچ مۆڵەتێکی فەرمی تەندروستی نەبووە و بەشێوەیەکی نایاسایی گۆشتی ئامادەکردووە.
وتیشی،هیچ بەڕادێک لە سەربڕخانەکە نەبووە تا ئەو گۆشتەی ئامادەی دەکەن بە پاک و پوختی بیبەن بۆ گۆشتفرۆشەکان، بۆخۆیان بە پیکاب و ماتۆڕی سێ تایە لەدواوە باریان کردووە بەبێ گوێدانە لایەنی تەندروستی.
بە داخستنى ئەو سەربڕخانەیە، هیچ سەربڕخانەیەکى تر لە چەمچەماڵ بوونى نییە، بۆیە گۆستفرۆشان ناچارن لە ناحیەى تەکیەوە گۆشت ببەنەوە بۆ چەمچەماڵ.
سەبارەت بە مەرجی کردنەوەی سەربڕخانەکە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان روونى کردەوە کە دەبێت مۆڵەتی تەندروستی هەبێت، رێکارە خۆپارێزییەکان جێبەجێ بکات و بەڕادێکی باش بکڕێت بۆ گواستنەوەی گۆشتەکان بەخاوێنی، ئەگەر وانەکات بەداخراوی دەمێنێتەوە.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 چووە لاى گۆستفرۆشانى شارەکە. وەک ئەوەى باسى دەکەن داخستنى سەربڕخانەکە لە زیانى ئەوان بووە، چونگە ئەرکى گواستنەوەیان کەوتووەتەسەر، چونکە وەک دەڵێن، پێشتر بە دوو هەزار دینار گۆشتەکەیان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا لە ناحیەى تەکیەوە 20 بۆ 25 هەزارى دەوێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح