خەڵک لەسەر پارچە کارتۆن و مقەبا دادەنیشێ

دوای لابردنی کورسییەکان سەهۆڵەکە چۆڵی پێوەدیارە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دوای کۆکردنەوەی کورسییەکانی جادەی سالم کە بە سەهۆڵەکەی سلێمانی ناسراوە، شەقامەکە چۆڵی پێوە دیارە و ئەو کەسانەشی شەوان دەچنە شەقامەکە، بە ناچاری لە سەر مقەبا دادەنیشن.

هاوڵاتیانیش رای جیاوازیان لەسەر ئەو بڕیارەی شارەوانی سلێمانی هەیە، هاوڵاتییەک دەڵێت، “جاران زۆر قەرەباڵغ بوو و هەندێک جار رێ نەبوو بڕۆین، لەسەرلا دەڕۆیشتین، بڕیارەکە بڕیارێکی بەجێیە و دەستخۆشیان لێ دەکەم”.

گەنجێکیش کە بۆ پیاسەیەکی شەوان چووەتە سەهۆڵەکە دەڵێت، “خۆشییەکەی جارانی نەماوە، کە شتێک نەبێ لەسەری دابنیشین، کەس ناتوانێ بەپێوە بوەستێ و دەڕۆین”.

ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئەو بڕیارەوە کاسبکارانیش کەسابەتی جارانیان نەماوە و شەقامەکە بەتەواوەتی چۆڵ بووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری