لە گردەگۆزینەی کەلار

بێ سەرەتاکان سێ رۆژە بۆ بەنزین نۆرەیان گرتووە

میلاد جەلال – گەرمیان

ژمارەیەک بەنزینخایەک بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان جیاکراوەتەوە لە کەلار، بڕیاربوو دوێنێ یەکشەممە بەنزینیان لێ دابەش بکرێت، بەڵام بەنزین نەھات.

ئەمڕۆ لە بەنزیخانەی مرواری بە سێ ریز نۆرەیان گرتووە تا بەنزینیان پێ بدرێ.

رزگار محەمەد، شۆفێرە بە 964ى وت، سێ رۆژە ئۆتۆمبێلم لە سەرەیا راگرتووە، ئەمە کەمێکە دەستکراوە بە دابەشکردنی بەنزین و ئینشەڵا سەرەمان دێت.

پیشتر نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، کێشەیان دروستکردووە و، ئیتر بۆیان هەیە تەنیا لە بەنزینخانەی مرواری لە گردەگۆزینە رۆژانی یەکشەممە و پێنجشەممە، لە بەنزینخانەی دەروو لە رزگاری رۆژانی سێشەممە و لە بەنزینخانەی میر لە کفری رۆژانی چوارشەممە، بەنزین وەربگرن.

وەک نەوت و کانزاکان باسی کردووە، جگە لەو وێستگە و کاتانەی دیاریکراون لە هیچ کات و وێستگەیەکی تر ناتوانن بەنزین وەربگرن و لەو کاتانەی دیاری کراوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی “تابلۆدار” بەنزینی پێ نادرێت.

لەبارەی بڕیارەکە نوسیوویەتی، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی تەواوی شۆفێرانی سنوورەکە و بەهۆی ئەو گرفتانەی لەلایەن بەشێکی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە بۆ پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین دروست کراوە، بەهۆی “وەرگرتنی بەنزین چەند جارێک لە رۆژێکدا” بڕیارەکە دراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا