مادەی هۆشبەر دەخرێتە ناو ڤەیپ

964+

فەرمان سادق

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای دەکات کە مادەی هۆشبەر دەکرێتە ناو هەندێک جۆر ڤەیپ.

دەستبەسەر یەکێک لەو مەزرەعانە گیرا کە تایبەتکراوە بە چاندنی مادەی هۆشبەر و پاشان دەخرێتە ناو ڤەیپ و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادی و بەڕێوەبەری پشکنین لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەرنامەی “واجب الصراحە” کە شەوی رابردوو لە کەناڵی عێراقیە پەخش کرا، ئاشکرایان کرد کە دەستبەسەر مەزرەعەیەک گیراوە کە بە تایبەتمەندی جیهانی دروستکرابوو بێ ناوهێنانی پارێزگایەکە، تێیدا مادەی هۆشبەریان چاندووە و پاشان لەناو جۆرێک لە جگەرەی ڤەیپ کراوە و لە بازاڕ فرۆشراوە.

بەپێی ئامارەکان بێت، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە عێراق زۆر زیادی کردووە و نرخی گرامی مادەی هۆشبەریش لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ هەرزانترە.

تەنیا لە مانگی کانونی دووەمی رابردوو 54 ملیۆن دەنکە حەبی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.