دوای 20 کاتژمێر ئاگرەکەی بارێ کۆنتڕۆڵ کرا


دیلان محەمەد جەزا

دوای نزیکەی 20 کاتژمێر توانرا ئاگرەکەی گوندی بارێ کۆنتڕۆڵ بکرێت، کە لە وڵاتی ئێرانەوە هاتبوو.

بە پێی زانیارییەکانی 964 ، لە خەڵکی ناوچەکە دەستی كه‌وتووه‌، ئاگرەکە گوندی بارێی بچووکی بە تەواوی سووتاندووە و گوندی بارێی گەورەش بەشێکی سووتاوە و تا گوندی تیمار رۆیشتووە.

ئاگرەکە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە وڵاتی ئێران و لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاگر لە ناوچەكەدا نەماوە.

موقەدەم کارزان نورەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ بە 964 راگەیاند، ئاگرەکە لە دوێنێ ئێوارە نزیکی کاتژمێر شەش لە ئێرانەوە په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ گوندی بارێ، بە هۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 10 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە، چەندین مین و تەقەمەنی تەقیوونەتەوە لەو ناوچەیەدا.

گوندی بارێ، دەکەوێتە سنووری قەزای شارباژێڕ لە سنووری ناحیەی سیوەیل و هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانی سەربەرد و بێورێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا