ڤیدیۆ کۆنەکان لە کاسێتەوە دەگۆڕێت بۆ سەر میمۆری و فلاش و دەیانپارێزێت
سۆران یادەوەرییە فەوتاوەکانی ناو کاسێتی جاران زیندوو دەکاتەوە
هێژا عەباس – هەولێر
سۆران ساڵح، خاوەنی تۆمارگەیەکە کە کارەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، ئێستا سەرقاڵی زیندووکردنەوەی ئەو یادەوەرییانەیە کە لە ناو کاسێتە ڤیدیۆییە کۆنەکاندان و دەیانخاتە سەر میمۆری و فلاش بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگاریان بکات.
ئەو تۆمارگەیە لە هەشتاکانەوە لەلایەن باوکی سۆرانەوە دامەزراوە و لە ساڵی 2014ـەوە سۆران بە فەرمی لە دوکانەکە جێگەی باوکی گرتووەتەوە، ئەو دەڵێت زۆربەی ئەو کاسێتانەی بۆی دەهێنن ئاهەنگی گواستنەوەی جارانن و ماوەی 15 ساڵە رۆژانە کاری گۆڕینی سیستەمی ئەو ڤیدیۆ کۆنانە دەکات بۆ سیستەمی نوێ.
سۆران بە 964ـی راگەیاند، جاران ئاهەنگەکان زۆر بەجۆشتر بوون و هەندێکیان شەو و رۆژێکی تەواویان خایاندووە، تەنانەت باس لەوە دەکات کە درێژترین ئاهەنگ کە لە کاسێتەوە گۆڕیبێتی بۆ سەر میمۆری شەش کاتژمێر بووە، لە کاتێکدا ئاهەنگەکانی ئێستا زۆر کورت بوونەتەوە و تەنیا یەک بۆ دوو کاتژمێر دەخایەنن.
ئەو خاوەن تۆمارگەیە ئاماژە بەوەش دەکات، کە پێشتر زۆر کەس بەهۆی ئەوەی نەیانزانیوە ئەو کاسێتانە چاک دەکرێنەوە، یادەوەرییەکانی ناو ماڵەکەیان فڕێداوە، بەڵام ئێستا ئاستی ئاگاداریی خەڵک بەرز بووەتەوە و بۆ پاراستنی ڤیدیۆ کۆنەکانیان و ئەلبوومە ئۆرجیناڵەکان سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر